لە مانگێکدا هەزار کەس لە تورکیا بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون

لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا، دیاردەی ژەهراویبوون بە خواردن لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک  نزیکەی هەزار هاوڵاتی لە سەرانسەری وڵاتدا ژەهراوی بوون. ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەناو خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروست کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لە شارەکانی وەک دیاربەکر و چەندین شاری دیکە بەرزبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە ژووری ئەندازیارانی خۆراک هۆشداری بدات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ژووری ئەندازیارانی خۆراک ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتانە پابەندنەبوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکە بە یاسا و ڕێنماییەکانی سەلامەتیی خۆراک.

ئۆنور ئاکبوڵوت، سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی ژووری ئەندازیارانی خۆراک، بە موراد ئەکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زۆربەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن کە چاودێرییەکی کەمیان لەسەرە و پسپۆڕی بواری خۆراکیان نییە.  گوتیشی: "قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان وایکردووە کە خاوەنی خواردنگە و کارگەکانی خۆراک، بەرهەمی بێ کوالیتی و هەرزان بەرهەم بهێنن، ئەمەش مەترسییەکانی ژەهراویبوونی زیاد کردووە."

هاوکات، ئەم دیاردەیە ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاووڵاتییاندا دروستکردووە. بەشێک لە هاووڵاتیان وازیان لە خواردنی دەرەوە هێناوە و بەشێکی دیکەشیان بە گومانەوە لە شوێنە گشتییەکان خواردن دەکڕن.

لەلایەکی دیکەوە، دوای زیادبوونی حاڵەتەکان، پارێزگاری ئیستانبوڵ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری خۆراک کۆبووەوە و بڕیاریانداوە کە سیستەمی کامێرای چاودێری لە هەموو ئەو شوێنانەدا دابنرێت کە خواردن بەرهەم دەهێنن. 

پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویستە حکوومەت چاودێرییەکانی توندتر بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی خۆراکی هاووڵاتییان، بەتایبەت لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵک بەهۆی هەژارییەوە ڕوو لە خواردنی هەرزان دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment