کۆمپانیای 'دانە گاز' ڕوونکردنەوە لەبارەی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەدات
کۆمپانیای 'دانە گاز' ڕەتیدەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای 'دانە گاز'ـی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی پێگەی "ئەلمۆنیتەر"ـی ڕەتکردەوە، گوایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە، تا کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر هێڕشەکە؛ بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕابگیرێت و هەناردە نەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە "ئەوەی لە هەواڵەکەی 'ئەلمۆنیتەر'دا هاتووە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. بە پێچەوانەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ڕوونی جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە نزیکترین کاتدا کردووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دانە گاز سوپاسی سەرۆک وەزیران و تیمەکەی دەکات و ئاماژەی بەوە داوە: "ئێمە سوپاسگوزاری سەرۆک وەزیران و هەموو کارمەندانی نووسینگەکەیانین بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و پشتیوانیان لە پرسە ئەمنییەکان، هەروەها بۆ سەردانی دەستبەجێی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر."
کۆمپانیاکە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە سوپاسگوزاری پابەندبوونی حکوومەتی عێراقن "بۆ دەرکردنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە هێرشەکە و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا هاتووە لە زووترین کاتدا."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵی 'ئەلمۆنیتەر' لە ڕاپۆرتێکدا، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووە، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە؟ ئەو دەیویست هەرێمی کوردستان لە تاریکیدا بهێڵێتەوە."
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
دوای سێ ڕۆژ لە هێرشەکە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسایبوونەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەکە ڕاگەیاند و کارەبای 24 کاتژمێریش گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی؛ بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش بەرپرسانی هەرێمی نیگەران کردووە.
