مەسرور بارزانى و شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن پێکهێنانی حکوومەتی نوێیان تاوتوێ کرد
ئهمڕۆ سێشهممه، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد بە سەرۆکایەتيی ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئهكيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئامادەی بوون، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە.
شاندی ژاپۆنی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد و هاوسۆزيی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. شاندەکە هەروەها ستایشی ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمیان کرد و ئامادەیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرد و سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی حکوومەتی ژاپۆنی کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ تاوتوێ کرا. شاندەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیان لە سەرۆکی حکوومەت کرد.
