پوتن: ئەگەر ئەورووپا شەڕی دەوێت، ئێمە ئامادەین

لەگەڵ گەیشتنی نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ مۆسکۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا، سەرۆکی ڕووسیا هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپا کە ئەگەر شەڕیان دەوێت ڕووسیا "هەر ئێستا" ئامادەیە و دەرگای دانوستان دادەخات، هەروەها هەڕەشەی داخستنی یەکجارەکیی ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ئۆکرانیا دەکات.

سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند،سەرەڕای ئەوە کە هیچ نیازێکمان نییە هێرش بکەینە سەر ئەورووپا، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی شەڕیان دەوێت، ئەوا ئێمە هەر ئێستا بۆ ئەو شەڕە ئامادەین.

جەختیشی لەوە دەکاتەوە، هەر کە ئەورووپا دەستی بە شەڕەکە کرد، ئەوە هیچ دەرفەتێک بۆ دانوستان نامێنێتەوە و لەگەڵ هیچ لایەنێک گفتوگۆ ناکەین.

هاوکات لە بارەی ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە گوتی: ڕووسیا ڕێگە بە ئەورووپییەکان دەدات بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندنەکان، ئەگەر واقیعی مەیدانی لەبەرچاو بگرن، ئەگەر چی هیچ کارنامەیەکیان بۆ ئاشتی پێ نییە و دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا دروست بکەن.

ئاشکراشی کرد، ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا فراوانتر و چڕتر دەکاتەوە، هەروەها ئەگەر لە ئاستەنگ دروستکردن و هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان بەردەوام بێت، ئەوا ڕێڕەوی ئاوی بە یەکجاری بەسەر کیێڤ دادەخەین.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی لەبارەی ئاشتی لە ئۆکرانیا گفتوگۆ بکەن.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا و ئۆکرانیا تەنیا لەسەر چەند خالێکی کەم ناکۆکن و لە ڕێککەوتن نزیکن، هەروەها زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەوە بارەوە گوتی: کۆبوونەوەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە فلۆریدا بنیاتنەر بوون، بەڵام پرسی یەکلایی کردنەوەی سنوورەکان بابەتێکی ئاڵۆز و قورسە.

هەر لە بارەی شاندەکەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ترەمپ باسی لەوە کردبوو، لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ستیڤ ویتکۆف و پوتن ئاگادار دەکرێینەوە.

 
Fly Erbil Advertisment