تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ سەقامگیریی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دووپات دەکاتەوە
ئەردۆغان، عەلی زەیدی بانگهێشتی تورکیا دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بە بۆنەی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوکات بانگهێشتیشی کرد تا سەردانی ئەنقەرە بکات.
شەممە، 2ـی ئایاری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێ گەیشت.
بە پێی راگەیەندراوەکە، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆماری تورکیا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی کردووە بە بۆنەی راسپاردنی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی رێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووە، بە جۆرێک کە گرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و قازانجی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان هەردوو گەلی دۆست بکات.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کردووەتەوە، هاوکات بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی تورکیا بکات.
ئێوارەی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی لەسەر دیاریکردنی عەلی فالح زەیدی، وەک تاکە کاندیدیان بۆ وەرگتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتن.