وەزارەتی ناوخۆ: ئەوانەی چەکەکانی ئەمریکایان بردووە دەیانەوێت راستییەکان بشارنەوە

وەزارەتی ناوخۆ سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵ 8 تۆمار دەکات

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە وەزارەتەکەیان چەکی ئەمریکای وەرگرتووە و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دایناوە. هەروەها وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵ 8 و میوانەکەیشی تۆمار دەکات کە ئەم تۆمەتانەیان بڵاو کردووەتەوە.

شەممە، 2ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا، "لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8ـدا، بێژەر و کادیرێکی حزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا دەکەن و کادیرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون."

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا، وەزارەتی ناوخۆ بە توندی ئەم قسانە رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە: "ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکارین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستی."

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، "دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی راستیی بابەتەکە و، بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە." هاوکات هۆشداری دەدات کە "رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: "وەک مافی خۆمان، سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکەین، پێویستە لەبەردەم دادگادا بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگەرنا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن."