فوئاد حوسێن و مایکل ڕیگاس پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد

لە بەغدا جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق،  لە دیدارەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە وادەی دەستووریدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی سوریا و ئێران و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، هاوکات داوا کرا بەهۆی سەقامگیریی دۆخی ئەمنییەوە ئەمریکا چاو بە هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراقدا بخشێنێتەوە.


ڕۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە شاری بەغدا لەگەڵ مایکل ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و پێکەوە ڕێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی هاوبەشیان لە بوارە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکاندا تاوتوێ کرد.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ خستنەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت دۆخی هەریەک لە سوریا و ئێران، تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بونیادنانی لێکتێگەیشتن کرایەوە وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی کرد لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراقیش، فوئاد حوسێن باسی لە جووڵە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردن کرد و بەپێویستی زانی پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی بەپێی وادە دەستوورییەکان و ڕەچاوکردنی هاوسەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی و کارەکانی پەرلەمان و حکوومەت بە ئاسایی بەڕێوە بچن. 

وەزیری دەرەوەی عێراق ستایشی کەشی ئەرێنیی هەڵبژاردن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە نزیکبوونەوەی وادەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد، هاوکات داوای کرد کار بکرێت بۆ دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە پارێزگای بەسرەش.

لە ڕووی ئابوورییەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کرد هەماهەنگییەکان لە بوارەکانی ژێرخان و وەبەرهێنان بەردەوام بن و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە عێراق، هەروەها داوای کرد لایەنی ئەمریکی چاو بە هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراقدا بخشێنێتەوە، لەبەرئەوەی دۆخی ئەمنی وڵاتەکە سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرهێنان لەبارە.

لەلایەن خۆیەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایکل ڕیگاس، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە عێراق لە بواری ئەمنی و سەقامگیریدا بەدەستی هێناون و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ئەرێنیدا لەگەڵ حکومەتی عێراق.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment