ڕێباز حەملان: تێکدەرانی ئارامیی کوردستان وەک گێرەشێوێن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئارامی و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی وزە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کردەوەی گێرەشێوێنی نییە.
ڕێباز حەملان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 جەخت دەکاتەوە لەوەی، دۆخی گوند(لاجان) کۆنترۆڵ کراوە و هەر کەسێک هاندەری پشێوی بێت، دەبێت ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەر کردەیەک ئامانج لێی پشێوینانەوە و ئاڕاستەکردنی خەڵک بێت بۆ تێکدانی ئارامیی گشتی، وەک کارێکی گێرەشێوێنی ئەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرانی دەبێت ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکرێنەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە، ناوبراو ڕوونی کردەوە، هەردوو دامەزراوەی (کۆرمۆر و لاناز) بەشێکی گرنگ و ستراتیژیی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانن و ئەرکیان دابینکردنی غاز، کارەبا و سووتەمەنییە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، بۆیە هەر جۆرە پشێوینانەوەیەک کە ئارامیی هەرێم تێک بدات یان زیان بەو دامەزراوانە بگەیەنێت، لە ڕووی مەترسییەوە هاوشێوەی کردەوەی تیرۆریستییە.
یاریدەدەری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش دا، لە تەواوی جیهاندا پاراستن و ڕێزگرتن لە دامودەزگا نیشتمانییەکان لە پێشینەی کارەکانە، چونکە ئەو شوێنانە موڵکی خەڵکن و بۆ خزمەتی گشتین، هەربۆیە پێویستە یاسا سەروەر بێت و هەر کەسێک خەڵک ئاڕاستەی نائارامی بکات، وەک گێرەشێوێن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
سەبارەت بە دۆخی گوندی (لاجان)، ڕێباز حەملان دڵنیایی دا لەوەی بە هەوڵی هاوبەشی دانیشتووانی دڵسۆزی ناوچەکە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، توانراوە دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.
