باربارا لیف: کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا تەنیا باڵەخانە نییە، بەڵکوو پابەندبوونی ئەمەریکایە بە هەرێم

باربارا لیف: دەبێت سەرکردەکانی عێراق ئازایانە چەک لە دەستی گرووپە لەیاسادەرچووەکان دەربهێنن

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر پەیامێکی ڕوونی پابەندبوونی واشنتنە بە هەرێمی کوردستان و مێژووە هاوبەشەکەیان، هاوکات ستایشی سیاسەتی ئاشتییانەی سەرکردایەتیی کورد دەکات و داواش لە بەغدا دەکات کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و دەستتێوەردانی دەرەکی بهێنێت.جەختیش دەکاتەوە کە واشنتن دەیەوێت لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو بن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەرپرس لە بەغدا.

سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، باربارا لیف, یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک بەشێوەی ئۆنلاین میوانی باسی ڕۆژ بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، لە بارەی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر گوتی: کردنەوەی ئەو ناوچە دیپلۆماسییە نیشانەی بەهێزی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایە، ئەمە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە تەنیا باڵەخانە نییە، بەڵکوو بە هەماهەنگی هەموو لایەک ئەمەریکا پەیوەندییەکانی فراوانتر دەکات.

دەشڵێت: ئەوە وەک پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ کورد، کە مێژوویەکی کۆنمان هەیە و چەندین بارودۆخی سەختمان بەیەکەوە تێپەڕاندووە و بەیەکەوە جەنگاوین، هەر بۆیە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانەیە پابەندی ئەمەریکایە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک باسی لەوەش کرد، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە و پێشهاتەی نوێ لە ناوچەکە ڕووی داوە، لە وڵاتەکاندا نیگەرانی هەیە، بەڵام سەرکردایەتی و بڕیارەکانی کورد بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە لە ناوچەکە، لای ئەمەریکییەکان جێگای ڕەزامەندی بووە، ئەمەش وای کردووە واشنتن پشت بە کورد ببەستن، بەڵام دەیەوێت کورد لە ناوخۆدا یەکگرتوو بن.

ئاماژەشی دا، لەو باوەڕەم پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و واشنتن بەرەو باشتربوون دەڕوات، هەر وەک دەبینین شاندێکی باڵا بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەکە هاتوونەتە هەولێر، کە ئەمە ئاماژەیەکی زۆر باشە؛ هاوکات سەرکردەکانی کورد هەمیشە پابەندبوونی خۆیان بۆ پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا و سەقامگیری دراوسێیەکانیان دووپات کردووەتەوە.

جەختیشی کردەوە، خواستنی واشنتن ئەوەیە حزبە کوردەکان هاوپەیمانییەک دروست بکەن بۆ ئەوەی لە بەغدا حکوومەتێکی بەرپرس و بەرهەمدار پێکبهێنن.

گوتیشی: پێم وایە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی، دەستتێوەردانی دەرەکی و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانە، هاوکات گەندەڵییەکی زۆر هەیە کە ئەو گرووپانە ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە دەبیت پرسی ئەو گرووپانە چارەسەر بکرێت و لە حکوومەتی داهاتوودا نەبێت.

باربارا لیف باسی لەوەش کرد، لە ماوە شەش ساڵی ڕابردوو چەندین جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە قوربانیشی لێکەوتووەتەوە، کە ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە چەند جارێک بەرپرسیارێتی خۆیان پیشانداوە و زۆربەی کاتیش خۆیان دزیوەتەوە، کە ئەم هێرشانە بە تەواوی قبووڵ کراو نین و مەترسی لەسەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

دەشڵێت: دەبێت سەرکردەکانی عێراق ئازایانە بڕیار بدەن و جارێکی دیکە ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانە نەدەن و چەک لە دەستی ئەو گرووپانە دەربهێنن.

 
Fly Erbil Advertisment