ترەمپ: دوای لەناوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، عێراق لە ئەمەریکا نزیک بووەتەوە
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران کرایە ئامانج، هەڵوێستی عێراق بەرامبەر واشنتنن بە تەواوی گۆڕاوە و زۆر دۆستانەتر بووە.
ڕۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، گوتی: دۆخی عێراق لە چاو ئەو کاتەی کە هێشتا توانای ئەتۆمیی ئێرانمان لەناونەبردبوو، زۆر جیاوازە و پەیوەندییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ئێران ئێستا لە ڕووی فاکتەری ترسەوە چەندین پلە دابەزیوە و چیتر ئەو ڕۆڵە باڵادەستەی نەماوە. ڕوونیشی کردەوە: پێشتر ئێران ڕۆڵی چاوسوورکەرەوەی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕا و عێراقیش لەلایەن تارانەوە دەچەوسێنرایەوە.
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا عێراق زۆر کراوەترە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ واشنتنن و ئامادەیی زیاتری هەیە بۆ لێکتێگەیشت.
گوتیشی: عێراق منی بۆ خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد و ئەمە شەرەفێکی گەورە بوو، چاوەڕێی ئەوەمان لە عێراق نەدەکرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر سەرۆکێکمان هەبوو پێی وابوو زۆر زیرەکانەیە ئەگەر هێرش بکەینە سەر عێراق؛ هێرشمان کرد و لەناکاو لەبری ئەوەی هێزێک هەبێت لەگەڵ ئێران یەکسان بێت، وای لێهات ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد.
