ترەمپ هەفتەیەک مۆڵەت دەداتە مادورۆ
پێنتاگۆن پلانی بۆ دوای ڕۆیشتنی مادورۆ داناوە
کینگسلی ویلسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن، ڕایگەیاند؛ وەزارەتی جەنگی پلانی ئامادەی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاو، لەنێویاندا ئەگەری بەجێهێشتنی ڤەنزوێلا لەلایەن نیکۆلاس مادورۆوە.
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 15 خولەکیدا، مۆڵەتی تەنیا "یەک هەفتە"ی داوە بە مادورۆ بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەکەی وڵات بەجێبهێڵن. بەگوێرەی سەرچاوەکان، مادورۆ لە بەرامبەر ڕۆشتنیدا داوای "لێبوردنی گشتیی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر خۆی و 100 بەرپرسی دیکە و لابردنی سکاڵای دادگای نێودەوڵەتی" کردووە، هەروەها پێشنیازی کردووە دیلسی ڕۆدریگێز بکرێتە سەرۆکی کاتی، بەڵام ترەمپ زۆربەی مەرجەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، نیکۆلاس مادورۆ "زیانێکی گەورەی بە ئەمەریکا گەیاندووە"، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی "لێشاوی تاوانباران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە کە لە ڤەنزوێلاوە هاتوونەتە ناو ئەمەریکا".
ئیدارەی ترەمپ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای تۆمەتبار دەکات، بەوەی ڕۆڵی هەیە لە قاچاخی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بۆ ئەمەریکا دەگوازرێنەوە و بووەتە هۆی کوشتنی سەدان ئەمەریکی؛ بەڵام سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبێت.
ئیدارەی ترەمپ ماوەیەکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ڤەنزوێلا، لەوانە سەپاندنی سزای توند بەسەر کەرتی نەوتی و سڕکردنی سەروەت و سامانەکانی بەرپرسانی حکوومەت.
ئەم سیاسەتانە لەکاتێکدان قەیرانێکی ئابووری و مرۆیی گەورە وایکردووە ملیۆنان هاووڵاتی ڤەنزوێلا وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.
هەروەها لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دەریایی کاریبی جێگیرکردنی هێزێکی زۆری سەربازیی ئەمەریکای بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی لەگەڵ هەشت کەشتیی جەنگیی دیکە و فڕۆکەی جەنگیی (F-35).
جگە لەوەش لە دوو مانگی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 20 ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ئەو بەلەم و کەشتییانە ئەنجام داوە، لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلان و بانگەشەی ئەوە دەکرێت بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەکار دەهێنرێن. کاراکاس ئەم هەنگاوانەی بە "ئیستفزازی و هەوڵێک بۆ تێکدانی دۆخی ناوچەکە" وەسف کرد، هەروەها بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی دانا کە دەریای کاریبی وەک ناوچەیەکی بێچەک و داماڵراو لە چەکی ئەتۆمی دەناسێنن.
