ئەمڕۆ گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان لە هەولێر دەکرێتەوە

 ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر دەکرێتەوە، کە بە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، باڵەخانە نوێیەکە بە فەرمی لەلایەن مایکڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان دەکرێتەوە. 

پڕۆژەکە کە بەردی بناغەی لە 6ـی تەممووزی 2018 دانراوە، تێچووەکەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ڕووبەری 51 فەدان (206 هەزار مەتر دووجا) دروستکراوە.

کۆمەڵگەی کونسوڵخانەکە تەنیا باڵەخانەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو وەک شارۆچکەیەکی بچووک دیزاین کراوە و نووسینگەی سەرەکی، شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان، شوێنی مانەوەی تیمە ئەمنییەکان و سەردانیکاران، فرۆشگە و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، هاوکات ڕووبەرێکی فراوانیشی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە.

لە ڕووی تەکنیکی و ژینگەییەوە، باڵەخانەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و دۆستی ژینگە دروستکراوە. سیستەمێکی پێشکەوتووی ریسایکلینی ئاوی تێدایە و 15%ـی پێداویستی کارەباکەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە.

ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 کەسی هەیە و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، بە نیشانەی گرنگیدانی ئیدارەی ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لێکدەدرێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment