مەسرور بارزانی و باڵیۆزی یۆنان جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆرجیۆس ئەلەمانۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دیدارەکەدا کە نیکۆلۆس ستێرگیولاس کونسولی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوولا، سوپاسی باڵیۆزیشی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
باڵیۆزی یۆنان ستایشیی کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشیشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و چاکسازییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

