ئەکرەم بەکر پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆکانی لە هەولێر کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە گەلەری میدیا لە هەولێر، هونەرمەندی نیگارکێش ئەکرەم بەکر، نوێترین پێشانگەی تایبەت بە تابلۆکانی کردەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هونەرمەندی نیگارکێش ئەکرەم بەکر، دەربارەی کردنەوەی پێشانگاکەی، بە کوردستان24ـی گوت: ئەوە یەکەم پێشانگەمە لە هەوڵێر دەیکەمەوە، هەروەها پێشانگەکە 32 تابلۆی تێدایە، زۆربەی تایلۆکانم بە ڕەنگی زەیتییە، هەندێکی بە پێنووس و خەڵوز کراوە و تابلۆکانم هەمووی سرووشتی بێ دەنگە، تابلۆکانم ڕیالییەکی تەواوە و زۆر ووردبوومەتەوە لە کارەکان، کارەکانی من تەواو بێدەنگی و ئارامییە و ئاهەنگ بە ووردەکاری دەگێڕم.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت: لای من هونەر چێژە، هونەر ناتوانێ جوان بێت ئەگەر ڕاست نەبێت، ڕاستیش نابێت ئەگەر خوێندنەوەی تەواوت بۆی نەبێت. پەیامی من بۆ هونەر بەشێوازێکی گشتی ئاشتی و هێمنی و ئارامییە، لەناوەڕاستی ئەو هەموو جەنگ و ڕووخان و تێکچوونە، تابلۆکانم ڕاکردنێکە لەو ڕاستیەی کە تێیدا دەژیم، ئەو شتەیە کەوا دڵم خۆش دەکات، بەشێوازێکی گشتی حەزم لەو کارەیە کە دەیکەم و هەندێک شت هەیە سەرنجم ڕادەکێشێت و منیش دەیخەمە ناو تابلۆکانم.
هونەرمەندی نیگارکێش ئەکرەم بەکر، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ساڵی 1974 لەدایکبووە، ئەندامی سەندیکای نیگارکێشانی سووریا بووە، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە سووریا تەواو کردووە، چەندین پێشانگای تایبەت بەخۆی لە سووریا و بەیرووت کردۆتەوە. شێوازی کارە هونەرییەکانی تەواو ڕیالیزمییە.




