کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر: کونسوڵخانەی نوێ دەبێتە هۆی دابینکردنی سەکۆیەکی پارێزراو
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاردایە بۆ بردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەردەمێک لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە کاردایە بۆ بردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەردەمێک لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە کونسوڵخانەیەکی نوێ دەبێتە هۆی دابینکردنی سەکۆیەکی پارێزراو بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نیشاندانی ئەو بەهایەی کە عێراقێکی سەروەر و پارێزراو و گەشەسەندوو دەبێتە هۆی خزمەت بۆ خەڵکی خۆی و ئەمەریکا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە، کە بە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
پڕۆژەکە کە بەردی بناغەی لە 6ـی تەممووزی 2018 دانراوە، تێچووەکەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ڕووبەری 51 فەدان (206 هەزار مەتر دووجا) دروستکراوە.
کۆمەڵگەی کونسوڵخانەکە تەنیا باڵەخانەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو وەک شارۆچکەیەکی بچووک دیزاین کراوە و نووسینگەی سەرەکی، شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان، شوێنی مانەوەی تیمە ئەمنییەکان و سەردانیکاران، فرۆشگە و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، هاوکات ڕووبەرێکی فراوانیشی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە.
لە ڕووی تەکنیکی و ژینگەییەوە، باڵەخانەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و دۆستی ژینگە دروستکراوە. سیستەمێکی پێشکەوتووی ڕیسایکلینی ئاوی تێدایە و 15%ـی پێداویستی کارەباکەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە.
ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 کەسی هەیە و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، بە نیشانەی گرنگیدانی ئیدارەی ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لێکدەدرێتەوە.
