لیژنەی بلۆککردنی سامانی تیرۆریستان لە عێراق: حووسییەکان و حزبوڵڵا بە هەڵە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ناوی حووسییەکان و حزبوڵڵای لوبنانی لە لیستی تیرۆر پێش پێداچوونەوە بڵاوکراوەتەوە.
لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ناساندنی حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر بلۆککردنی سەروەت و سامانی لیستی قەوارە و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە لەسەر داوای داواکاری مالیزیا و بەپێی بڕیاری ژمارە 1373ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. جەختیشی کردەوە، ئەم لیستە چەند لایەن و قەوارەیەکی تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ چالاکی تیرۆریستییەوە نییە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی ناوبراو.
ڕوونیشی کردەوە، ڕەزامەندی لایەنی عێراقی تەنیا بۆ ئەو قەوارە و کەسانەی پەیوەندیان بە داعش و ئەلقاعیدە هەیە دەگرێتەوە، هەروەها ناوی قەوارەکانی دیکەش لەبەر ئەوە بووە کە لیستەکە پێش پێداچوونەوەی لایەنی عێراقی بڵاوکرابووەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، بە ژمارە 4848 کە لە 17ـی مانگی ڕابردوو دەرچووە، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە کە تێیدا حکوومەتی فیدراڵی عێراق، گرووپی حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، گرووپی حزبوڵڵا بە زنجیرەی ژمارە 18 و حووسییەکانی یەمەن بە زنجیرەی ژمارە 19 خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. لە خانەی (زانیاریی دیکەدا) نووسراوە"بەشداربوون لە کردەی تیرۆریستیدا" ئەمەش ڕێکارە یاساییەکانی وەک سڕکردنی سەرچاوەی دارایی، ڕێگریی لە هاوکاریی داراییان بە گوێرەی یاسا عێراقییەکان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیان دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق وەڵامدانەوەی بڕیاری لیژنەی سڕکردنی دارایی گرووپە تیرۆریستەکانە بە گوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیی دارایی تیرۆر، ژمارە 39ی ساڵی 2015.
ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە لە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتی عێراق بەرانبەر بەو گرووپانە و هەستیارییەکی گەورە لە هەلومەرج و پێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمیی عێراق دروست دەکات.
