دەستەی دادوەری ئەنجامی زۆربەی تانەکانی یەکلا کردەوە
پرۆسەی یاسایی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، بەو پێیەی دەستەی دادوەریی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان زۆرینەی ڕەهای تانەکانی یەکلا کردووەتەوە و ڕێکارەکان بۆ قۆناغی پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە خێراتر بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق کە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بە وردی پێداچوونەوەی بۆ دۆسیەکان کردووە و لە کۆی 872 تانە کە ئاراستەیان کرابوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 تانەیان یەکلا کردووەتەوە.
بڕیارە ئەو ژمارە کەمەی کە ماونەتەوە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بە تەواوی یەکلا بکرێنەوە، بەمەش دەرگای تانەدان و پێداچوونەوە بە ئەنجامەکاندا بە شێوەیەکی فەرمی دادەخرێت.
گرنگیی یەکلاییکردنەوەی ئەم تانانە لەوەدایە، کۆتا وێستگەی یاساییە پێش ناردنی ناوەکان بۆ بەغدا، بەپێی یاسا و ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان، دەستبەجێ دوای تەواوبوونی کارەکانی دەستەی دادوەری، کۆمیسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان بەرز دەکاتەوە بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق.
پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، دەبێتە دەستپێکی یاسایی بۆ ئەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی گرێ بدات و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەست پێ بکات.
