ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان پیلانی دەستی ناوخۆیی و دەرەکی لە هێرش و ڕووداوەکانی کوردستان ئاشکرا دەکات
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سیناریۆی پەکخستنی کۆرمۆر و دەست ڕاکێشانی میلیشیاکان بۆ کوردستان ئاشکرا دەکات
دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد لە پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی فرەچەشن و مەترسیدار کە ئامانج لێی ئیفلیجکردنی کەرتی وزە و دروستکردنی ڕووباری خوێن بوو لە شەقامەکانی کوردستاندا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وردەکاریی تۆڕێکی تێکدەری ئاشکرا کرد کە لەلایەن دەستی دەرەکی و ناوخۆییەوە جووڵێندراون بۆ ئەوەی زەمینە بۆ هاتنەناوەوەی میلیشیاکان خۆش بکەن.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە چڕەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو گرژییانەی ئەم دواییەی گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات، تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نەبوون، بەڵکو سەرەتای جێبەجێکردنی نەخشەیەکی پێشوەختە بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە دەستێکی تێکەڵ لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی پلانی زنجیرەیەک پەلاماریان جێبەجێ کردووە کە دیارترینیان لێدان بووە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆ بڕینی کارەبای هەرێم بوو، بەدوایدا هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا و ئەنجامدانی تەقینەوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.
بەشێکی دیکەی پیلانەکە، وەک لە لێکۆڵینەوەکاندا دەركەوتووە، شەڕێکی دەروونی و میدیایی بووە، پلانەکە بەو جۆرە بووە کە لە ڕێگەی میدیای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن و میدیا دەرەکییەکانەوە خەڵک بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژی هان بدەن، پاشان لە ناو خۆپیشاندانەکانەوە تەقە بکرێت تاوەکو هێزە ئەمنییەکان ناچار بە وەڵامدانەوە بن و خەڵک بکوژرێت، ئامانجی کۆتایی ئەم سیناریۆ خوێناوییە ئەوە بووە کە کوژرانی هاووڵاتییان بکرێتە پاساو و بانگەشە بۆ ئەوەی داوای دەستوەردان لە گرووپە میلیشیاکان بکرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، پێشوەختە ئاگاداری وردەکاریی پیلانەکە بوون و توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا ڕێگری لێ بکەن. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک لەو تێکدەرانە دەستگیر کراون کە فەرمانیان لە لایەنە دەرەکییەکان و میلیشیاکان وەرگرتووە و دانیان بەوەدا ناوە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیریی هەرێم بووە، ئێستاش ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
گرنگیی پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە لەوەدایە کە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەبارەت بە جموجۆڵی لایەنە خراپەکارەکان لە ناوچەکەدا.
کێڵگەی کۆرمۆر کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبایە، پێشتریش چەندین جار کراوەتە ئامانجی درۆن و مووشەک، بەڵام ئەمە یەکەمجارە پیلانەکە بەو شێوە بەرفراوانە بێت کە تێکەڵەیەک بێت لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ژێرخان و هاندانی شەقام بۆ دروستکردنی پشێوی، وەک ئەوەی لە ستراتیژیی شەڕی هایبرید (جەنگی تێکەڵاو)دا بەکار دەهێنرێت بۆ ڕووخاندنی قەوارەکان لە ناوەوە.
