بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار تەنگی بە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ھەڵچنیوە
ھاووڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان ناتوانن پێداویستییەكانی رۆژانەیان دابین بكەن
K24 - قامشلۆ
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، تەنگی بە ھاووڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان ھەڵچنیوە، وای لێھاتووە كاسبكاران و خەڵك بە ئاستەم دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن، ئەو پارەیەی كە رۆژانە دەستیان دەكەوێت یان مانگانە وەریدەگرن، بایی پێداویستییەكانی رۆژانەیان ناكات.
جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سووری بەرزبوونەوەی تۆماركرد، بەگوێرەی دوایین ئاڵوگۆڕی دراو 100 دۆلار بە 250 ھەزار لیرەی سووری مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر لیرەی سووری تەنھا لە رۆژئاوای كوردستان نییە، بەڵكو لە بانكی ناوەندی شامی پایتەختی سووریاوە سەرچاوە دەگرێت، ھاوكات زۆر لە بازرگانان دۆلار لە رۆژئاوای بۆ دەرەوە دەگوازنەوە، ئەمەش وایكردووە دۆلار لە بازاڕەكان كەمبێتەوە.
ئەحمەد حسۆ، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە قامشلۆ بە كوردستان24ی گوت: "سەرچاوەی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە لیرە بانكی ناوەندی شامە، بۆیە پێویستە ئەو بانكە دۆلار بخاتە بازاڕەوە".
مووچە و داھاتی رۆژانەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە لیرەی سووریە، بۆیە دابەزینی بەھای لیرە كاریگەری زۆری كردووەتە سەر ژیانی خەڵك، ژمارەیەك ھاووڵاتی دانیشتووی قامشلۆ كە بۆ كوردستان24 دوان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، تا دێت بەھای لیرەی سووری دادەبەزێت و نرخی خۆراك و كەلوپەلیش لە بازاڕەكان بەرزدەبێتەوە، ئەمەش ژیانی خەڵكی سەختر كردووە.