پارێزگای هەولێر لیژنەی باڵا بۆ ڕووداوەکەی هەرمۆتە پێک دەهێنێت
پارێزگای هەولێر وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند بەرامبەر شێواندنی گۆڕستانی مەسیحییەکان لە کۆیە، کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە شێواندنی گۆڕی هونەرمەندی گەورە (خاڵە سێوە) دەکەن و ڕایگەیاند، ڕووداوەکە 17 گۆڕی هاووڵاتییانی مەسیحیی گرتووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فراوان دەستبەکار بووە و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکەش دەرچووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسیەی شێواندنی گۆڕستانی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە کردووە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەدا، دەنگۆی ئەوە لە ئارادا بوو کە گۆڕی هونەرمەندی میللیی بەناوبانگ (خاڵە سێوە)ش یەکێک بێت لەو گۆڕانەی دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتی قایمقامی کۆیە بۆ پارێزگار، دەرکەوتووە کە گۆڕی ئەو هونەرمەندە پارێزراوە و دەستدرێژییەکە تەنها کراوەتە سەر 17 گۆڕی هاووڵاتییانی کریستیان.
لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا، پارێزگاری هەولێر بڕیاری داوە لیژنەیەکی تایبەتمەند بە سەرپەرشتیی قایمقامی کۆیە و بە ئەندامییەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلیس، شوێنەوار و ڕۆشنبیریی کۆیە پێک بهێنرێت، ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە کە بە نامرۆڤانە و قێزەون وەسف کراوە، تاوەکو ڕاپێچی دادگا بکرێن.
هاوکات نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە هاتە سەر هێڵ و وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوەکە، مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ فەرمانی دەرکردووە کە دەبێت لەسەر ئەرکی حکوومەت تەواوی گۆڕستانەکە نۆژەن بکرێتەوە.
گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە یەکێکە لە هێما دیارەکانی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کە تیایدا مەسیحییەکان خاوەنی مێژوویەکی دێرینن، کاردانەوەی خێرای حکوومەت و پارێزگای هەولێر جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو پەیامەی کە دەسەڵاتی هەرێم پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان و ئارامیی پێکهاتەکان بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەزانێت و ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات کە ئامانجی تێکدانی تەبایی نێوان پێکهاتەکان بێت.
