سەرۆکایەتیی ئەسقەفیەی کلدانی لە هەولێر سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەن
سەرۆکایەتیی ئەسقەفیەی کلدانیی هەولێر بە توندترین شێوە ئەو دەستدرێژییەی ڕەت کردەوە کە کراوەتە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە هەرمۆتە و بە هەوڵێک بۆ لێدان لە متمانەی نێوان پێکهاتەکانی وەسف کرد، هاوکات مەتران بەشار مەتی وەردە، سوپاسی پەرۆشی و وەڵامی خێرای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە و پاراستنی شکۆی مردووان.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە واژۆی مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقەفیەی کلدانیی هەولێری لەسەرە، ئەو کردەوەیەی لە هەرمۆتە ئەنجام دراوە، بە پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر پیرۆزیی مردووان و بریندارکردنی هەستی کەسوکاریان لە قەڵەم دراوە.
سەرۆکایەتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێزگرتن لە گۆڕەکان سەرەتاییترین مافی شکۆی مرۆڤە و پەیوەندی بە ئایین یان مەزهەبێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پێوەرێکی ئەخلاقییە.
لە بەشێکی دیکەی هەڵوێستەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، ئەم جۆرە کردەوانە دژی ئەو بەها ئایینی و مرۆییانەن کە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە نەوە دوای نەوە لەسەری ڕاهاتوون، هەروەها زیان بەو متمانە هاوبەشە دەگەیەنێت کە بنەمای ژیانە لە کوردستان و عێراقدا.
سەرۆکایەتیی ئەسقەفیەی هەولێر، ستایشی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و ڕایگەیاندووە، بەهەند وەرگرتنی ڕووداوەکە و وەڵامدانەوەی خێرای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە جێگەی ڕێز و پێزانینە.
هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرکردە سیاسی و ئایینییانە کراوە کە پەیوەندییان پێوە کردوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم کردەوە نامۆیانە دەربڕیوە.
گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە خاوەنی مێژوویەکی دێرینی مەسیحییەکانە و بە یەکێک لە هێماکانی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی ئەسقەفیەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو دەستدرێژی کرایە سەر گۆڕستانی گوندەکە و زیان بە ژمارەیەک کێل گەیەندرا، ئەمەش کاردانەوەی خێرای حکوومەت و شەقامی لێ کەوتەوە و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دەستبەجێی بۆ دەرچوو.
