دەستەی مافی مرۆڤ: شکاندنی گۆڕەکان پیلانێکە بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی شێواندنی گۆڕستانی مەسیحییەکان لە کۆیە، ڕەهەندێکی مەترسیدار بۆ ڕووداوەکە دەخاتە ڕوو و هۆشداری دەدات لەوەی، ئەم کارە هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پیلانێکی داڕێژراوە بۆ لێدان لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، ئەو دەستدرێژییەی شەوی 3ـی ئەم مانگە کرایە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە شاری کۆیە، تەنیا تێکدانی چەند کێلێک نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر پیرۆزییەکانی خوشک و برایانی مەسیحی و ئەو مێژووە دێرینەی پێکەوەژیان کە ناوچەکە پێی ناسراوە.
دەستەکە گومانی هەیە لەوەی ڕووداوەکە بێ هۆکار بێت، بەڵکو پێی وایە دەستێک لە پشت ئەم کارەوەیە کە ئامانجی سەرەکییان چاندنی تۆوی دووبەرەکی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەیە، بەڵام جەختی کردووەتەوە لەوەی، هۆشیاریی هاووڵاتییان شکست بەم جۆرە پیلانانە دەهێنێت.
لەسەر ئاستی یاسایی، دەستەکە داوای لە لایەنە ئەمنییەکانی کۆیە کردووە بە جددی کار لەسەر دۆسیەکە بکەن بۆ دۆزینەوە و دادگایی کردنی تاوانباران، هاوکات ڕایگەیاندووە، وەک چاودێرێک لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان دەبن تاوەکو ئەنجامەکان دەردەکەون.
هاتنەدەنگی دەستەی مافی مرۆڤ تەواوکەری ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە فەرمی و جەماوەرییەیە کە بەدوای ڕووداوەکەدا هات. پێشتریش سەرۆکایەتیی حکوومەت و پارێزگای هەولێر و کەنیسەی کلدانی هەڵوێستی توندیان هەبوو، ئەم کۆدەنگییە لەسەر سەرکۆنەکردنی ڕووداوەکە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پاراستنی مافی کەمینەکان و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دادەنرێت.
