حکوومەتی هەرێمی کوردستان: سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
پرۆسەی ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی وسەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4
