ترەمپ بڕیاری قەدەغەی گەشت بۆ ئەمەریکا بەسەر  زیاتر لە 30 وڵاتی دیکە دەسەپێنێت

لە چوارچێوەی سیاسەتە توندەکانی کۆشکی سپی بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، کریستی نۆێم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات، 30 وڵاتی دیکە لەنێو ئەو وڵاتانە زیاد بکات کە هاووڵاتییەکانییان ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.

وەزیری ئاسایشی ناوخۆ لە میدیا ئەمریکییەکان وێڕای ئەوەی ژمارەی وردی وڵاتە نوێیەکانی دیاری نەکرد، بەڵام بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەکە لە 30 وڵات تێدەپەڕێت و دۆناڵد ترەمپ هەمیشە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی وڵاتان دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر زیادکردنیان بدات و بیانخاتە نێو لیستی وڵاتە قەدەغەکراوەکان کە بێنە نێو ئەمەریکا، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا 19 وڵات ئەو قەدەغەیان لەسەربوو.

سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئەم بڕیارە، بەرپرسە باڵاکەی ئەمەریکا هۆکارەکەی بۆ نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و لاوازیی حکوومەتی ئەو وڵاتانە گەڕاندەوە، بەو پێیەی ئەگەر وڵاتێک نەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات و ناسنامەی هاووڵاتییانی خۆی پشتڕاست بکاتەوە و زانیاریی پێویست بە ئەمەریکا بدات، ئەوا لۆژیکی نییە ڕێگە بە هاتنی خەڵکەکەی بدرێت بۆ ناو ئەمەریکا.

ئەم هەنگاوە نوێیەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تەواوکەری بڕیارێکی مانگی حوزەیرانی ڕابردووی سەرۆکی وڵاتەکەیە کە تیایدا بە بیانووی پاراستنی وڵات لە تیرۆریستانی بیانی و مەترسییە ئەمنییەکان، هاتنی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بە تەواوی قەدەغە کرد و کۆت و بەندی خستە سەر 7 وڵاتی دیکە کە بڕیارەکە هەموو جۆرە گەشتیارێک لە کۆچبەر و خوێندکار و گەشتیار و بازرگان دەگرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاریی میدیایی و ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی 36 وڵاتی دیکە بەپێی بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی وەزارەتی دەرەوە، چاودێران ئەم ڕێکارانە بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەبینن کە دوای ڕووداوی تەقەکردن لە پاسەوانانی نیشتمانی لە واشنتن و لێدوانە توندەکانی ترەمپ دێت ک،ە بەڵێنی دابوو کۆچکردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بە یەکجاری ڕابگرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment