فەرەنسا ئەندامێکی پێشووی هەواڵگریی سووریا دەستگیر دەکات
داواکاری گشتیی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی ڕاگەیاند کە پێشینەی کارکردنی لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی سووریادا هەبووە و تۆمەتبارە بەوەی لە یەکێک لە ترسناکترین ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە دیمەشق، بەشداربووە لە ئەشکەنجەدان و ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
پرۆسەی دەستگیرکردنەکە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بووە کە تیایدا (مالیک ن)، لەدایکبووی ساڵی 1991ـی پارێزگای حومس و دانیشتووی ئێستای فەرەنسا دەستبەسەر کرا، دواتر لەسەر داوای داواکاری گشتیی تایبەتمەند بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادوەری لێکۆڵینەوە، دوێنێ پێنجشەممە بە فەرمی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و هاوکاریکردن لەو تاوانانەی ئاڕاستە کرا و بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ دەرکرا تاوەکو لێکۆڵینەوەکان دەگەنە ئەنجامی کۆتایی.
سەرەتای دروستکردنی دۆسیەی تاوانەکانی(مالیک، ن) دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، کاتێک نووسینگەی فەرەنسی بۆ پاراستنی پەنابەران و بێ ڕەگەزنامەکان زانیاریی پێویستی بە دەسەڵاتدارانی دادوەری داوە و ئەوانیش لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان لەو تاوانانە دەست پێ کردووە کە گومان دەکرێت لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 لەلایەن تۆمەتبارەکەوە وەک ئەندامێکی (لقی 285)ـی هەواڵگری و ئاسایشی دەوڵەت لە دیمەشق ئەنجام درابن، بەپێی پۆلێنکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک بووە لەو ناوەندە ئەمنییانەی زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی زیندانییانی تێدا تۆمار کراوە لەوەتەی دەستپێکردنی ململانێکانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە، ئەو زیندانییانەی لەو لقە ئەمنییەدا دەستبەسەر بوون، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و زۆرجار لە دۆخێکی نامرۆیی و بێبەش لە پاکوخاوێنی و چاودێریی پزیشکی، لە ژێرزەمینەکاندا هێڵدراونەتەوە و ئەوانەشی گیانیان لەدەست داوە سەرەتا بۆ نەخۆشخانە سەربازییەکان گواستراونەتەوە پێش ئەوەی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا بنێژرێن، وەک ئەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بەڵگەیان لەسەر کۆکردۆتەوە.
داواکاری گشتیی فەرەنسا لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا، ستایشی ئاستی بەرزی هەماهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتیی کردووە لەم دۆسیەیەدا، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و سوید و بەلجیکا و نەرویج و هۆڵەندا کە، ئاماژەیە بۆ بوونی ئیرادەیەکی ئەورووپیی هاوبەش بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی تاوانی قورس دژ بە هاووڵاتییانی سووریا.
