فەرەنسا دوو عێراقی و سوودانییەک لەسەر خنکانی کۆچبەران دادگایی دەکات

لە دانیشتنێکی دادگایی کراوەدا لە شاری بۆلۆن سور مێر لە باکووری فەرەنسا، پڕۆسەی دادگاییکردنی دوو هاووڵاتیی عێراقی و گەنجێکی سوودانی دەستی پێ کرد کە تۆمەتبارن بە کوشتنی بەبێ مەبەست و خستنە مەترسیی ژیانی خەڵکەوە لە دۆسیەی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا.

دادگاییەکە بە ئامادەبوونی تۆمەتباران کە تەمەنیان لە نێوان 27 بۆ 46 ساڵدایە بەڕێوە دەچێت،  تێیدا دوو عێراقییەکە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە سەرپەرشتیی پڕۆسەی قاچاخچێتییەکەیان کردووە و نزیکەی 60 کەسیان خستۆتە ناو بەلەمێکی لاستیکیی بچووک و کونەوە، هەرچەندە ئەوان ڕەتی دەکەنەوە دەستیان لەو کارەدا هەبێت و نکۆڵی لەوە دەکەن قاچاخچی بن.

 هاوکات گەنجە سوودانییەکە کە تەمەنی 27 ساڵە دان بەوەدا دەنێت کە ئەرکی لێخوڕین و سەرکردایەتیی بەلەمەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێک، چونکە خۆیشی یەکێک بووە لە کۆچبەرەکان و توانای دابینکردنی کرێی تەواوی ڕێگاکەی نەبووە کە 1500 یۆرۆ بووە. بۆیە قاچاخچییەکان لە بەرانبەر لێخوڕینی بەلەمەکەدا ڕازی بوون تەنیا 500 یۆرۆی لێ وەربگرن.

وردەکاریی کارەساتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ 22ی تشرینی دووەمی 2023 کاتێک بەلەمەکە بەهۆی خراپی و کۆنییەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە بەڕێکەوتنی لە نزیک کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا هەواکەی دەرچووە و بە خێرایی نقووم بووە، بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی تیمی ڕزگارکردنەوە، سێ کەس خنکاون کە تەرمی ژن و پیاوێکیان هەمان ڕۆژ و تەرمی قوربانیی سێیەم دواتر لە کەناراوەکان دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمەتباری چوارەم لە دۆسیەکەدا هەیە کە هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕەوانەی بەریتانیا کراوە.

 
Fly Erbil Advertisment