لە سۆران سەنتەری فریاگوزاریی خێرا و هێلی فریاکەوتنی 122 دەکرێتەوە
وەزارەتی تەندروستی 10 ئەمبۆلانسی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سۆران دابین کرد
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، 10 ئەمبۆلانسی بۆ کەرتی تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابین کرد.
لەمبارەوە کامەران مەلا محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە دابینکردنی ئەو ژمارە ئەمبولانسە، لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەری فریاگوزاریی خێرا و هێلی فریاکەوتنی (122)ـی وەزارەتی تەندروستی لە شارەکە دەکەنەوە.
گوتیشی: ئەم هەنگاوە دەبێتە خێراترکردنی خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی نەخۆش و ئەوانەشی تووشی ڕووداو دەبن بۆ ئەوەی ئەمبولانسەکان بە خێرایی بگەنە فریای هاووڵاتیان لە کاتی پێویست.
کامەران مەلا محەممەد سەبارەت بە پرۆسەیەکی نوێی نەشتەرگەری لە کەرتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، گوتی: دوای ڕاگەیاندنی توانای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە هەیە، نزیکەی 150 هاووڵاتی داواکاریان پێشکەش کرد، بەڵام دوای وردبینی و پشکنینی تەندروستی لەلایەن پزیشکانی پسپۆر دەرکەوت زیاتر لە 100 نەخۆش پێویستان بەم نەشتەرگەرییە هەیە، بەڵام ئەوانی دیکە بەهۆی ناجێگیری تەندروستی ناتوانرێت، نەشتەرگەریان بۆ بکرێت.
گوتیشی: ئێستا ڕۆژانە و هەفتانە لە هەردوو نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ و نەخۆشخانەی ئاشتی ناوەندی سۆران ئەوانە دەکرێت کە پێویستیان پێیەتی، ئەگەر لە دەرەوەی کەرتی گشتی نەشتەرگەرییەکە بکرێت، هەر نەشتەرگەرییەک لە پێنج هەزار دۆلار بۆ هەشت هەزار دۆلار لە سەر هاووڵاتیان دەکەوێت، بەڵام لەم دوو نەخۆشخانەیە بێبەرانبەرە.
