مۆسکۆ میوانداریی کۆنفرانسی بریکس پڵەسی کرد

لە شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، کۆنفرانسی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی "بریکس پڵەس" بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا ستراتیژیی نیشتمانی و ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگاری و هەڕەشە ئەمنییە جیهانییەکان تاوتوێ کرا.

بەشداربووان جەختیان لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان. جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە میانی کۆنفرانسەکەدا بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: ئەم کۆبوونەوەیە سەکۆیەکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ڕاو بۆچوونەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، پێنج ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییەکەی ڕووسیادا تێدەپەڕێت بۆ جێگیرکردنی ستراتیژیی دژەتیرۆر لە چوارچێوەی بریکسدا. لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی 20 وڵات بەشداربوون و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ گفتوگۆیان لەسەر پرسە ئەمنییەکان کرد.

حەسەن جەباری، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنفرانسەکەدا، بە ئاماژەدان بە دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵی کۆنفرانسەکەی بۆ وڵاتەکەی بە گرنگ وەسف کرد.

جەباری ڕایگەیاند: بریکس لە بنەڕەتدا زیاتر لەسەر بنەمای ئابووری دامەزراوە، بەڵام ئێستا دەبینین چووەتە نێو بابەتە ئەمنی و دژە تیرۆرییەکانەوە، ئەمەش پێویستییەکە جیهان و ناوچەکە تووشی بووە. هەروەها داوای هەماهەنگی زیاتری لە نێوان وڵاتانی ئەندام کرد لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و ئەمنییەوە.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، بەشداربووان پێداگرییان کرد لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگی نێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی و دابینکردنی سەقامگیری لە جیهاندا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment