تۆم باراک: بە دەستی خۆمان عێراقمان پێشکەشی ئێران کرد و عێراقیش دەسەڵاتی نییە

وێنە؛ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا
وێنە؛ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، پەردەی لەسەر هەڵە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق هەڵدایەوە و هێرشی کردە سەر سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووی کۆشکی سپی.

باراک لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (زە ناشیۆناڵ)، ڕایگەیاند؛ "سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەشدا دروستبوونی "بۆشایی دەسەڵات" لە عێراقدا، دەرفەتی زێڕینی بە تاران بەخشی و ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە."

سەبارەت بە سیستەمی سیاسیی عێراق، باراک گوتی: "ئێمە هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە لە ئەنجامدا کاریگەری و هەژموونی زیاتری بەخشییە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەناو پەرلەماندا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەرەکەی ئەمەریکا دۆخی ئێستای حکوومەتی عێراقی بە نموونەیەکی شکستخواردوو وەسف کرد کە دەبێت ئەمەریکا وانەی لێ وەربگرێت.

سەبارەت بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، باراک گوتی: "سوودانی پیاوێکی لێهاتووە، بەڵام دەسەڵاتی هیچی نییە."

باراک هۆکاری بێ دەسەڵاتیی سوودانی گەڕاندەوە بۆ هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان، کە بە گوتەی ئەو "ڕێگرن لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و ناهێڵن سوودانی هیچ هاوپەیمانێتییەکی کاریگەر پێکبهێنێت."

بەرپرسە ئەمەریکییە بە نائومێدییەوە باسی کرد، واشنتن لە ماوەی 20 ساڵ، ترلیۆنان دۆلاری لە عێراق خەرج کرد، بەڵام دەرەنجامەکەی باش نەبوو و ئێستا ئەستەمە بتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment