پەیمانگای واشنتن: گەیشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئەمەریکا ئاماژەیەکی بەهێزی سیاسی و ئابوورییە
پەیمانگای واشنتن لە نوێترین ڕاپۆرتیدا تیشکی خستووەتە سەر گرنگیی ڕەمزی، سیاسی و ئابووریی یەکەمین باری نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا (ITP)ـەوە هەناردەی بەندەری لویزیانای ئەمەریکا کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، جگە لەوەی ئەم هەنگاوە نەوتێکی خاوی گونجاو بە نرخێکی کەم بۆ پاڵاوگەکانی ئەمەریکا دابین دەکات، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەم ڕێگەیەوە ڕەنگدانەوەی بەهێزی سیاسەتی ئەمەریکایە بەرامبەر بە دۆست و نەیارانی.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، لە 24ـی ئەم مانگەدا و دوای دوو مانگ لە کاراکردنەوەی بۆریی (ITP)، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بارکردبوو، لە تێرمیناڵی نەوتی لویزیانا لە ئەمەریکا دابەزێنرا.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (کپلەر)، کەشتیی نەوتهەڵگری (Seaways Brazos) لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوردستانی لە بەندەری جەیهان بارکردووە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا باری زیاتری لەو جۆرە بگەنە ئەمەریکا.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوە داوە ئەگەرچی بازرگانیی نەوتی ئەمەریکا بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕ و نرخەوە، بەڵام ئەم بارکردنە تایبەتە بەبێ ئەو ڕێککەوتنە کاتییەی نێوان بەغدا و هەولێر مەحاڵ بوو، کە لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا بە نێوەندگیریی واشنتن ئەنجام درا. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگرتنی.
واشنتن ڕۆڵێکی کاریگەری لە کەرتی وزەی عێراقدا هەبووە، لەوانە: چەسپاندنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووری 2005 بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان، هاندانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ کارکردن لە عێراق، و نێوەندگیری بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر. هەروەها بەردەوام هانی تورکیا و عێراقی داوە سازش بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بۆرییەکە.
سەبارەت بە خواستی پاڵاوگەکانی ئەمەریکا، ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی نەوتە. لە کاتێکدا ئەمەریکا خۆی هەناردەکارێکی گەورەی "نەوتی خاوی سوکی شیرین"ـە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی پاڵاوگەکانی، نەوتی "مامناوەندی ترش" و "قورس" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتینەوە هاوردە دەکات.
هەناردەکارانی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای کردنەوەی بۆرییەکە، داشکانی بەرچاویان پێشکەش کردووە بۆ ڕاکێشانی کڕیاران، ئەمەش وایکردووە هەناردەکردن بە خێرایی دەست پێ بکاتەوە.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە بۆریی (ITP) گرنگییەکی جیۆستراتیژیی هەیە و ڕێگەی بۆ دانوستانی زیاتری نێوان بەغدا و هەولێر خۆشکردووە، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەکارهێنانی ئەم بۆرییە لەلایەن بەغداوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی دیکەی عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەکات و کاریگەریی ئێران لەسەر بەغدا کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەوڵەمەندە بە یەدەگی غاز و توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وزە دەتوانێت ڕێگە بدات کوردستان غاز هەناردەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکات، کە ئەمەش پشتبەستنی بەغدا بە غازی ئێران کەم دەکاتەوە. هەر بۆیە "جێی سەرسوڕمان نییە کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرش دەکەنە سەر کێڵگە غازییەکانی کوردستان".
پەیمانگای واشنتن پێشنیاز دەکات کە بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییە و ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتنی درێژخایەنی نێوان عێراق و تورکیا بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی فشارەکانی ڕۆژئاواوە، تورکیا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای کەم کردووەتەوە، بۆیە نەوتی کوردستان دەتوانێت جێگرەوەیەکی گونجاو و هەرزان بێت بۆ ئەنقەرە.