بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی عێراق بەرهەمی نەوتی ئۆپێک دابەزی
سەرەڕای پلانی زیادکردنی بەرهەم، بەرهەمهێنانی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپێک لە مانگی ڕابردوودا دابەزیوە و هۆکارە سەرەکییەکەش بۆ کێشە تەکنیکییەکانی عێراق و نایجیریا دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرهەمهێنانی ئۆپێک گەیشتووەتە 28.40 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بە بەراورد بە مانگی پێشووتر 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.
ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە دابەزینی هەناردەی عێراق پەیوەندی بە کارەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتەوە هەبووە، هاوکات لە نایجیریا، ئاگرکەوتنەوە لە سەکۆی نەوتی "یوهۆ" بووەتە هۆی وەستانی بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بڕیار بوو وڵاتانی وەک عێراق، سعوودیە، ئیمارات، کوەیت و جەزائیر بەرهەمهێنانیان بە بڕی 85 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ناکۆکی هەیە لەسەر ئامارە ڕاستەقینەکانی بەرهەمهێنان لە عێراق و ئیمارات؛ سەرچاوەکان پێیان وایە ئەو دوو وڵاتە لە ئاستی دیاریکراو زیاتر نەوتیان بەرهەمهێناوە، هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان پێچەوانەی ئەوە دەڵێن.
