کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل و قەتەر لە نیویۆرک بەڕێوە دەچێت

لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە دەکات، واشنتن هەوڵی ئاشتکردنەوەی تەلئەڤیڤ و دەوحە دەدات و لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا میکانیزمێکی نوێ بۆ هەماهەنگی و چەککردنی حەماس دەخاتە ڕوو.

ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل و قەتەر لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت و ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانە دوای هێرشە شکستخواردووەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە.

باسی لەوەش کردووە، پێدەچێت تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی بریتی بێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە، بەتایبەتی پرسی چەککردنی حەماس و گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو پێگە ئەمەریکییە، ئەمە بە بەرزترین ئاستی کۆبوونەوەی نێوان ئەو سێ وڵاتە دادەنرێت لە دوای ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، کە تێیدا قەتەر ڕۆڵێکی سەرەکی وەک نێوەندگیر دەبینێت. کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی لە غەززە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ میوانداریی کۆبوونەوەکە دەکات. لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە دەیڤد بەرنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆساد بەشدارە و بەرپرسێکی باڵای قەتەریش لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبێت.

ئەکسیۆس ئاماژەشی داوە، ئەمەریکا میکانیزمێکی سێقۆڵی پێشنیاز کردووە بۆ باشترکردنی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی نیگەرانییە دووقۆڵییەکان

هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو لەم ماوەیەدا سەردانی کۆشکی سپی دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبێتەوە، کە باس لە دەرفەتەکان لە بەردەم پرۆسەی ئاشتی دەکەن.

هەروەها پێشتر، ئاماژەی دابوو، سکاڵا لەسەر پشتیوانی قەتەر بۆ ئیخوان موسلیمین و شێوازی ڕووماڵی کەناڵی جەزیرە و ناڕەزایەتییەکانی ناو زانکۆکانی ئەمەریکا دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل