دیداری گەشەپێدانی ئابووریی چەمچەماڵ؛ نەخشەڕێگایەک بۆ بووژانەوە و ڕەخساندنی هەلی کار

شارۆچکەیەکە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناسراوە، لێرە لەپاڵ خاکە بەپیتەکەی، دەوڵەمەندیشە بە چەندین سەرچاوەی سروشتی بەتایبەتی گاز، بۆیە هاووڵاتییانی ئێرە پێیان وایە، بەهۆی زۆری دەستی کار و توانامروییەکانیان، دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت بۆ پێشخستنی شارۆچکەکەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوای پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر دەکەن.

محەممەد ڕەشید، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێویستە هەلی کار زیاتر بڕەخسێ و خزمەتی زیاتر بکرێ، شەقامەکانمان زۆری خراپە، حەق وایە ئەم شەقامە قەرەباڵغە بکرێتە نەفەق. 

خەڵکی چەمچەماڵ چەندین داواکارییان هەیە، کە گرنگترینیان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەرفەتەکانی هەلی کارە. بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی گەشەسەندنی ئابووری ئەم شارە، لە ڕێگەی دیدارێکی تایبەتەوە پێشنیارەکان دەخرێنە ڕوو.
باس لە دەرفەتەکانی گەشەسەندنی چەمچەماڵ لە بوارە جیاوازەکاندا دەکرێت، بەتایبەتیش بواری وەبەرهێنان. چونکە بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، توانراوە بە سەرمایەی زیاد لە سێ ملیار دینار، ٣٠ کارگە لە چەمچەماڵ مۆڵەتی کارکردنیان پێ بدرێت، لەگەڵ برەودان بە چەندین بواری دیکەی وەبەرهێنان.

هەڵمەت ڕەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو، چەمچەماڵ ناوچەیەکی دەروازەیە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، جگە لەوەش دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، زەوییەکی زۆر کە نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، بە هەمان شێوە ئاووهەوا و خاکێکی گونجاوی هەیە، ئەمە وایکردووە کە ئێمە زیاتر گرنگی بەم ناوچەیە بدەین بۆ ئەوەی کە بتوانین بیکەین بە ناوچەیەکی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانین هەلی کار زیاتر بڕەخسێنین و بێکاری کەمتر بکەینەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل