ماتۆڕسواریی خانمان لە ئێران؛ لە نێوان ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە و پێویستیی ژیاندا

پەریسا لە شەقامێکی تاراندا ماتۆڕ لێ دەخوڕێت. وێنە: ماڵپەڕی ئیتڵاعات
پەریسا لە شەقامێکی تاراندا ماتۆڕ لێ دەخوڕێت. وێنە: ماڵپەڕی ئیتڵاعات

 ئێستا کە سنوورە نەریتییەکانی نێوان کاری ژنان و پیاوان ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵدەوشێنەوە، بەسەرهاتی کچە گەنجە ماتۆڕسوارەکانی تاران، چیرۆکی تێڕوانینێکی جیاوازتر دەگێڕێتەوە.

دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕۆژنامەی 'ئیتڵاعات' ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کچە ماتۆڕسوارەکانی تاران، بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "پەریسا، کچێکی 17 ساڵان و قوتابی پۆلی 10ی ئامادەیی پیشەییە، یەکێکە لەو کچانەی کە ماتۆڕسواری بە هێمای ئازادی و ئارەزووی کەسیی دەزانێت. ئەو ماتۆڕ تەنیا بە هۆکارێکی هاتوچۆ و گوزەران نازانێت، بەڵکوو وەک پردی نێوان خۆی و قوتابخانە و خێزانەکەی تەماشای دەکات."

 پەریسا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار خانمێکی ماتۆڕسوارم لە سەر شەقامێکی شار بینی کە هێندە بە متمانە و جوان ماتۆڕەکەی لێ دەخوڕی، بە خۆمم گوت ئەی بۆ منیش وا نەبم؟ ئێستا بۆ من ماتۆڕسواری، واتە بەرجەستەکردنی ئازادی و ئەو هەستەی کە تۆ ڕێبەری ڕێگەکەیت، نەک تەنها سەرنشینێک. بەڵام لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە، ئەم خولیایە بۆ کچێک سەیرە!

پشتیوانیی دایک و باوک

پەریسا، بە زەردەخەنەیەکەوە کە باس لە بیرەوەرییەکی تاڵ دەکات دەڵێت: سەرەتا دایکم وای دەزانی شێت بوومە، نیگەرانی سەلامەتیم بوو و زیاتر لەوەش، نیگەرانی قسەی خەڵک بوو. باوکیشم هەرچەندە خۆی کۆنترین ماتۆڕسواری گەڕەک بوو، بەڵام بۆ کچەکەی وێنای شتێکی وای نەدەکرد. جەنگی من لەگەڵ ترسەکانیان بوو، نەک لەگەڵ خۆیان. وێنە و ڤیدیۆی کچانی ماتۆڕسواری پیشەگەرم نیشان دەدان و بەڵێنم پێدان بە سەلامەتی لێی بخوڕم و وەک پیشەگەرێک، هەمیشە کڵاو و کەرەستەی تەواو بپۆشم. لە کۆتاییدا، پێداگریی لۆژیکی من سەرکەوت. 

ئەو، بە دەنگێکی هێمن و قووڵەوە دەڵێت: دوای کۆچی دوایی باوکم، ژیانم تێکچوو و ماتۆڕ، لە کاڵایەکی لوکسی دڵخوازەوە بۆ ئامرازێکی پێویست بۆ مانەوە گۆڕا. ئیتر باوکم نەمابوو تا بە ئۆتۆمبیلەکەی بمانگەیەنێتە جێگەی مەبەست، دۆخی ئابووریشمان سەخت بوو. ئێستا ماتۆڕەکەم، هاوکاری منە؛ بەیانیان پێش قوتابخانە، پێی دەچم بۆ مارکێت یان نانەواخانە، نیوەڕوان بازاڕیی ماڵەوە دەکەم و ئیتر پێویست ناکات بۆ چوونە بۆ قوتابخانە چاوەڕێی پاس بم. هەندێک جار ماندوێتی کار و وانەکان هەموو گیانم داگیر دەکات، بەڵام کاتێک ماتۆڕەکە ئیش پێ دەکەم، دەزانم خەریکم بۆ داهاتووی خۆم و خێزانەکەم دەجەنگم .

باشی و خراپییەکانی ماتۆڕسواری

پەریسا، لە کاتێکدا چاوەکانی بە شادیی دەبریسکێنەوە، دەڵێت: یەکەمین باشی ماتۆڕ، سەربەخۆییە؛ سەربەخۆیی لە هاتووچۆکردندا. ئیتر بۆ هیچ کارێک چاوەڕێی کەس ناکەم. دووەم، ئەو متمانە بەخۆبوونە بێوێنەیەیە کە بە مرۆڤی دەبەخشێت. ئەوەی کە بزانیت دەتوانیت لە دەروەستی ئامێرێکی ئاڵۆز بێیت و لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا، ڕێگای خۆت بدۆزیتەوە، هەستی زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا بە مرۆڤ دەبەخشێت.

ئەو کچە ماتۆڕسوارە، دەشڵێت: ماتۆڕسواران هەمیشە پشتیوانیی یەکتر دەکەن، من ئاشنایەتی زۆرم لەگەڵ کچان و کوڕانی ماتۆڕسواردا پەیدا کردووە، ئێمە وەک یەک خێزان واین، ئەگەر کێشەیەکت بۆ دروست ببێت، یەکەمین کەسانێک کە بۆ هاوکاریت ڕادەوەستن، بەزۆری هاوڕێ و هاوپیشەکانی خۆتن. 

پەریسا، سەبارەت بە مەترسییەکانی  ماتۆڕسواری دەڵێت: نیگای گوماناوی خەڵک و هەڵسوکەوتی پۆلیس هەراسانم دەکەن. جگە مەترسی ڕووداوی هاتووچۆ کە هەمیشە وەک تارماییەک سواری هەستمان بووە. من خۆم شایەتحاڵی چەندین ڕووداو بووم و هەرگیز حاشا لەم ترسە ناکەم، بەڵام هەوڵ دەدەم بە ڕەچاوکردنی یاسا و وریایی، بەرەنگاری ببمەوە. بەڵام یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان، نیگای هەندێک لە خەڵکە؛ لە تانە و تەشەری سەر شەقامەکانەوە بگرە تا دادوەرییە قورسەکان. 

هەندێک لایان وایە کچی ماتۆڕسوار، حەتمەن کەسێکی "بێسەروبەر" یان "سەرکێشە"؛ ئەم پێناسە و ناوانە بەڕاستی ئازاربەخشن.. ئەو جۆرە خەڵکانە، ئازادی لەگەڵ شکاندنی نەریتەکان تێکەڵ دەکەن. 

ئەو خانمە گەنجە، جەخت لەوە دەکاتەوە "هەڵسوکەوتی پۆلیس هەمیشە یەکجۆر نییە. هەندێک لە ئەفسەرەکان زۆر میهرەبان و هاندەرن و تەنانەت چەند جارێک بەهۆی ڕەچاوکردنی تەواوی یاسا و کەرەستەکانمەوە دەستخۆشییان لێم کردووە؛ بەڵام هەندێکی دیکەیان نیگای قورستریان هەیە، ڕامدەگرن و بە گومانەوە سەیرم دەکەن؛ بەلایانەوە سەیرە کچێک بتوانێت ماتۆڕسوارێکی یاسایی بێت.. بە ڕای من، ئەگەر پۆلیس زیاتر جەخت لەسەر هۆشیاری و هاندانی شۆفێرانی دیکە بۆ ڕێزگرتن لە ماتۆڕسواران بکاتەوە، کاریگەرتر دەبێت.

بڕیاردانی هەڵە و پێشوەختە

ئەو، بە دەنگێکی ئارام و بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێت: دایکم پاڵەوانی ژیانی منە؛ دوای باوکم، ئەگەر پشتیوانی بێمەرجی ئەو نەبووایە، ڕەنگە نەمتوانیبایە بە ئارەزووەکەم بگەم  ماتۆڕ فێری کردم بەهێز بم، بەڵام دایکم فێری کردم کە لە پشت هەموو هێزێکەوە، خۆشەویستی هەیە

پەریسا لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی:  پەیامم بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە کە تکایە دادوەری و بڕیاردان لەسەر خەڵک وەلا بنێن.. کچێک کە ماتۆڕ لێدەخوڕێت، بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە نییە، بەڵکو مرۆڤێکە خاوەنی خولیا و ئامانجی خۆیەتی؛ دەرفەتمان پێ بدەن تا تواناکانمان بسەلمێنین. بە خێزانەکان دەڵێم، گوێ لە خولیای منداڵەکانتان، بەتایبەتی کچەکانتان بگرن و لە جیاتی سەرکوتکردن، ڕێگەی سەلامەت بۆ بەدیهێنانی ئەو خولیایە بدۆزنەوە. ترسی ئێوە سروشتییە، بەڵام بە فێرکردن و پشتیوانی، دەتوانن پاڵەوانانی داهاتوو پەروەردە بکەن. بە هەموو کچانیش ڕادەگەیەنم کە خەونەکانتان بە بوێرییەوە پەیڕەو بکەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل