هەسەدە داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی سێ ناوچە دەکات

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی 'ڕژێمی بەعس'ـی سووریا، پیرۆزبایی لەگەلی سووریا کرد و دووپاتیکردەوە، ئەو ڕژێمە وڵاتی بەرەو کارەسات برد و دەیان ساڵ توندوتیژی کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردایەتی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکەم ناوچە بوون کە لە ساڵی 2012دا دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی دەرکرد، هەروەها ئیدارەیەکی دیموکراسی و هێزەکانی پاراستنی گەلی دامەزراند کە دواتر بوو بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕووبەڕووی تیرۆر بووەوە و هەزاران ئەندامی کوژران."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ماوەی دەسەڵاتی بەعسدا بەدەست سیاسەتی دوورخستنەوە و برسێتی و ئاوارەبوونەوە گرفتاربووە، بۆیە پێویستە پشوو بدەن".

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات خوازیاری دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمەی نیشتمانییە کە ماف و یەکسانی نەتەوەکان زامن بکات، جەختیشیکردەوە "پێویستە گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبووی عەفرین و گرێسپی و سەرێ کانی لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت بێت، چونکە ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەوان وەک هێزی سەرەکی بۆ پاراستنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک دەمێننەوە، هەروەها ئایندەی سووریا بە زاڵبوون بەسەر عەقڵیەتی ڕژێمی کۆن و بنیاتنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری و هاوبەشی دەستپێدەکات.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا, بەشار و خانەوادەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵاتن، چوند جارێکیش ئەحمەد شەرع داوای رادەستکردنی ئەسەدی لە ڕووسیا کردووە بەڵام مۆسکۆ ڕەتیکردووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل