پەیامنێری کوردستان24: چوارچێوەی هەماهەنگی ژمارەی کاندیدەکانی بۆ سەرۆک وەزیران کەم دەکاتەوە

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغداوە وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، نۆ ناو کێبڕکێ دەکەن و بڕیارە ئەمشەو بکرێن بە شەش ناو، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و عەبادی هەن، هاوکات ڕێکارە دەستوورییەکانی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان دەخاتەڕوو.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعەکان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاندیدانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق و بڕیارە ژمارەی کاندیدەکان کەم بکرێنەوە.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئێستا لیژنەی دیاریکراوی چوارچێوەی هەماهەنگی نۆ ناوی لەبەردەستدایە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، کە دیارترینیان بریتین لە: "محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی، باسم بەدری (سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری)، عەبدولحسێن عەبتان (وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان)، عەلی شوکری (سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار)، حەمید شەتری (سەرۆکی دەستەی هەواڵگری)."

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرەکە، لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا ئەستەمە کاندیدی کۆتایی یەکلا بکرێتەوە، بەڵکوو پلانەکە ئەوەیە ژمارەی کاندیدەکان لە نۆ ناوەوە بۆ شەش ناو کەم بکرێنەوە، دواتر لە قۆناغی داهاتوودا دەکرێن بە سێ ناو، تا لە کۆتاییدا بە دەنگدان یەکێکیان وەک کاندیدی فەرمیی هاوپەیمانییەکە دیاری دەکرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا کە دیاردەیەکی نامۆ ڕوویداوە، ئەویش پێشکەشکردنی سیڤی لەلایەن کەسێک بەناوی "سەلام عادل"ەوە بۆ سەرکردەکانی چوارچێوە، کە چاودێرێکی سیاسییە و لە سۆشیاڵ میدیا بە گوتارە توندەکان لە بەرانبەر کورد و سوننە ناسراوە و کەسێکی زۆر تائیفییە. چاودێران ئەم هەنگاوە وەک "کارتی فشار"ی هەندێک لایەن لە دژی یەکتر لێک دەدەنەوە نەک کاندیدێکی جددی.

سەبارەت بە ڕێکارە دەستوورییەکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، دیلان بارزان ڕوونی کردەوە: دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، سەرۆک کۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژدا داوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات. لەو دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن (کە پشکی سوننەکانە). پاشان لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت، و دواتر لە ماوەی 15 ڕۆژدا گەورەترین فراکسیۆن کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری دەکات و ئەویش مانگێکی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل