سبەی لە ئیدارەی گەرمیان پشووی فەرمییە

وەک وەڵامێک بۆ هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم و بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڕیاری دا سبەی سێشەممە دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان ڕابگرێت، ئەم بڕیارە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە، بەڵام تیمە فریاگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان بەدەر کراون.
ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی بڕیارەکەی ئاشکرا کرد کە تایبەتە بە ڕۆژی سێشەممە، 9ی 12ی 2025، بڕیاری پشووەکە بەهۆی پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی توندی بارانبارینەوە دەرچووە کە ڕوو لە ناوچەکە دەکات و ئەگەری دروستبوونی دۆخی نەخوازراوی لێ دەکرێت.

بەگوێرەی بڕیارەکە، پشووەکە گشتگیرە و سەرجەم فەرمانگەکان و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن لە سنووری ئیدارەکە دەگرێتەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکیش، بڕیار دراوە کە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان (وەک شارەوانی، ئاو، کارەبا و تەندروستی) و دامودەزگا ئەمنییەکان لە ئەرکدا بمێننەوە و پشووەکە نەیانگرێتەوە، تاوەکو لە حاڵەتی پێویستدا بە هانای هاووڵاتییانەوە بچن.


ئەم بڕیارەی ئیدارەی گەرمیان هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییە فراوانەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، پێشتر وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕایانگەیاندبوو، بە هەماهەنگیی 17 وەزارەت و دەستە پلانی پێشوەختەیان داناوە.

ناوچەی گەرمیان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کە کەوتووەتە نێوان زنجیرە چیا و دەشتاییەکان، لە کاتی بارانی بەخوڕدا زووتر دووچاری کۆبوونەوەی ئاو و لافاوی کتوپڕ دەبێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا، چەندین جار بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان و چەمە وەرزییەکان بەرز بووەتەوە و زیانی بە ڕێگەوبان و پردەکانی ناوچەکە گەیاندووە، بۆیە ئیدارەی ناوچەکە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی پێشوەختە پەنای بۆ ڕاگەیاندنی پشوو بردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل