کشتوکاڵی هەولێر: هەر نوسینگەیەک بەرهەمی هاوردە بفرۆشێت سزادەدرێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری ڕەنجی جووتیارانی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕێکاری یاسایی توندی گرتەبەر.
گوتیشی: لەو چوارچێوەیەدا، لە مەیدانی علوەی هەولێر سێ نوسینگەی فرۆشتنی سەوزە و میوە سزادران، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت بە پێچەوانەی ڕێنماییەکان بەرهەمی هاوردەیان خستووەتە بازاڕەوە و ساغیان کردووەتەوە.
ڕاشیگەیاند؛ تیمەکانی چاودێری بەردەوام دەبن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک کە زیان بە بەرهەمی جووتیارەکانمان بگەیەنێت."
