عێراق راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی درێژ کردەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق بڕیاریدا ماوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزییە بەهۆی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق سەرجەم ئەو فڕۆکانە دەگرێتەوە کە دێنە ناو وڵاتەکە، یان لێیەوە دەڕۆن، یان بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، بڕیارەکە هەر لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەنگاوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی روونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ بارودۆخی ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، بەپێی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەکە دەکرێتەوە و دواتریش سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر گۆڕانکاری و بڕیارێکی نوێ ئاگادار دەکرێنەوە.