پۆلیسی کۆریای باشوور هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیای کوپانگ

ڕۆژی سێشەممە، پۆلیسی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکانی کۆمپانیای "کوپانگ" کە تایبەتە بە بازرگانیی وردەفرۆشیی ئۆنلاین، ئەمەش دوای ئەوەی دزەکردنێکی داتا (زانیاری) ڕوویدا کە زیاتر لە 32 ملیۆن بەکارهێنەری گرتەوە.

پۆلیس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا "خەریکی پرۆسەی پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەکانن لە بارەگای سەرەکیی (کۆریای باشوور)ـی کوپانگ"، وەکو ڕێکارێکی پێویست بۆ تێگەیشتنی ورد لە بابەتەکە.

کوپانگ، بارەگا سەرەکییەکەی لە سیاتڵی ئەمەریکایە، بەناوبانگترین سەکۆی بازاڕکردنی ئەلیکترۆنییە لە کۆریای باشوور. خزمەتگوزاریی گەیاندنی زۆر خێرا بۆ ملیۆنان بەکارهێنەر دابین دەکات بۆ هەموو جۆرە بەرهەمێک، هەر لە خۆراکەوە تا کەلوپەلی ناوماڵ.

بەڵام ئەمساڵ کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی دزەکردنێکی گەورەی داتا بووەوە کە ناو، ئیمەیڵ، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشانی گەیاندن و تۆماری داواکارییەکانی زیاتر لە 33 ملیۆن لە بەکارهێنەرانی لەخۆگرتبوو. بەڵام زانیارییەکانی پارەدان و داتاکانی چوونە نێو ئاپلیکەیشنەکە بەر ئەو دزەکردنە نەکەوتوون.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک "لی جای میونگ" داوای گرتنەبەری ڕێکاری خێرای کرد بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە دزەکردنی ئەو داتایانەی کە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی کۆریا، لە نێوان 24ی حوزەیران و 8ی تشرینی دووەم لە ڕێگەی سێرڤەرەکانی کۆمپانیاکەوە لە دەرەوەی خاکی کۆریای باشوور ڕوویداوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل