تەشەنەسەندنی ئەنفلۆنزا لە یەزد؛ هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان
سەرپەرشتی یەکەی تەندروستیی زانکۆی پزیشکیی یەزد، دەڵێت: نزیکەی %48 ئەو تێستانەی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاکە کراون، ئەرێین و نیشانی دەدەن ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزا، گەیشتووتە لووتکە.
سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەم 2025، مەسعود شەریفی، سەرپەرشتی یەکەی تەندروستیی زانکۆی پزیشکیی یەزد، بە ئاژانسی هەواڵی 'میهر'ی ڕاگەیاند "لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە زیاتر لە 13 هەزار تێستی ئەنفلۆنزامان کردووە، کە نزیکەی هەزار و 118 تێستیان ئەرێی بوون، ئەوەش مایەی نیگەرانییە و ئاماژەیە بۆ زیادبوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی تووشبووان بەو نەخۆشییە."
شەریفی، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە ئەنفلۆنزا بە ڕادەیەکی بەرچاو لەناو دانیشتووانی پارێزگای یەزد بڵاو بووەتەوە و تا ئێستا 13 کەس بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەست داوە، کە زۆربەیان بەساڵداچووان و تووشبوانی نەخۆشیی درێژخایەن بوون.
سەرپەرشتی یەکەی تەندروستیی زانکۆی پزیشکیی یەزد، گوتیشی: هیوادارین لەگەڵ باشتربوونی کوالیتیی هەوا و یەکەم بارانی ساڵدا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کەمتر ببێتەوە؛ داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین بە گوێرەی توانا، لە شوێنە قەرەباڵغەکان دوور بکەونەوە و لە ئەگەری تووشبووندا، بحەسێنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بکەن.
شەریفی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا، بە خۆڕایی دەدرێتە ژنانی دووگیان و بەساڵداچووان و نەخۆشانی درێژخایەن. هاووڵاتیان دەتوانن بۆ وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن.
