نرخی ماسی زیاتر دادەبەزێت
نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان تادێت زیاتر دادەبەزێت، زۆربەی پڕۆژەکان ئێستا ماسی دەخەنە بازارەوە، هەندێک پڕۆژەی نوێ دروستبوون کە داهێنانیان لە بەرهەمهێنانی ماسی کردووە و بەوهۆیەوە بەرهەمی ماسی زیاد و زیادتر دەبێت، ئێستا لە هەندێک شوێن نرخی کیلۆیەک ماسی بۆ کەمتر لە پێنج هەزار دینار دابەزیووە، ئەمەش نرخێکە کە بەدڵی ماسیخۆرەکانە.
ئەم پڕۆسەیە لە هەرێمی کوردستان نوێیە و پێشتر لە باشوور وناوەڕاستی عێڕاقەوە هاوردە دەکرا
دلشێر، خاوەن پڕۆژە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵهێنەرە زۆر قورسترە لە بەخێوکردن، بەخێوکردن تەنیا ئاو و ئۆکسجینی، عەلەف و چاودێری دەوێت، بەڵام هەڵهێنەرە زۆر قورسە چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ هێلکەیەک دەکەیت کە زۆر بچووکە. وەک گەنجێک ویستم ئو پرۆژە دروست بکەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە سوود لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرگرێت وەک لە هاوردە کردن. پار دوو وەجبەمان دانا ساڵی داهتوو سێ وەجبە زیاتر دادەنێین.
بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە مانگی ئەیلوول بۆ کانوونی یەکەم دەگاتە لووتکە، ئەمەش وایکردووە لەم وەرزەدا نرخی کیلۆیەک ماسی لە 7 هەزارەوە دابەزێت بۆ 5 هەزار دینار، هاوکات بەشێکی بەرهەمی ماسی هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
ژمارەی فەرمیی تۆمارکراوی پڕۆژەی بەرهەمهێنان و بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان بۆ 427 پڕۆژە زیادیکردووە، لەکاتی مۆڵەت پێدانیش بەو پڕۆژانە تەواو مەرجەکان ڕەچاو دەکرێن، هاوکات تەواوی ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی گۆشتی ماسی تەواوی پێداویستی ناوخۆی پڕ بکاتەوە
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 80 هەزار تۆن هەیە سەدا 60ـی بە بەرهەمی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە.
ئاراس عەبدوڵڵا، خاوەن ڕێستۆرانتی ماسی دەڵێت: ڕۆژانە زۆر زەرەر دەکەم لێرە وە دەبێت خودی خۆم پشکنینیان بۆ بکەم و باوەڕم بەکەس نایەت، ماسیش بە نرخی چوار هەزار و 500 بۆ 600 وەردەگرین. لە ڕابردوو بە نرخی 9 هەزار دەمانکری ئێستا بەهۆی زۆربوونی بەرهەمەکە بە کەمتر لەو نرخ دەیکڕین.
لەعێڕاق زیاتر لە 15 هەزار حەوزی زێدەڕۆی ماسی تێکدراون، بەڵام بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بێستون بەکر، بەڕێوبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ئێمە هەرێمێکین لە چوارچێوەی دەستووری عێراق تایبەتمەندی خۆمان هەیە، هەر بڕیارێک لە پەرلەمانی خۆمان بەفەرمی دەرنەچێت، لای ئێمە پابەند نابیت، لە ئێستاشدا بەرژەوەندی گشتیی وا دەخوازێت ئەو پرۆژانە لە کاردابن و پێویستمان بە بەرهەمی ماسییە. تا نەگەینە خۆ بژیوی ناتوانین هیچ بڕیارێک بدەین.
بە گوتەی پزیشکانی پسپۆر، گوشتی ماسی یەکێکە لەو خواردنانەی سودێکی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، هەرتاکێک پێویستی بە 16 کیلۆ ماسی هەیە لەساڵێکدا.
