کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی گازی ئەوروپا بەرێژەی 130% دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، گرووپی کۆمپانیاکانی گۆڵدمان ساکس کە لەبوارەکانی وەبەرهێنان، بانک و خزمەتگوزاری دارایی کاردەکات، رایگەیاند، پێشبینی دەکەن نرخی گازی سروشتی ئەوروپا زیاتر لە دوو هێندە بەرزبێتەوە، ئەگەر ناردنی گاز لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ ماوەی مانگێک بوەستێت.

شرۆڤەکارانی گرووپی گۆڵدمان ساکس، لە یاداشتێکدا نووسیویانە، پێوەرەکان le ئەوروپا و ئاسیا بە دەگمەن نرخی مەترسی پەیوەست بە ئێرانیان داناوە، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی گازی سروشتی شل لە جیهاندا کە زۆربەیان لە قەتەرەوە هاتووە، بەم گەرووەدا تێدەپەڕن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "داخستنی یەک مانگ دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازی ئەوروپا و نرخی LNG لە ئاسیا بە رێژەی 130%، کە دەگاتە نزیکەی 25 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکە گەرمییەکانی بەریتانیا."

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوەشکردووە، " ئەگەر زیاتر لە دوو مانگ گواستنەوەی گاز لە رێگەی گەرووی هورمزەوە رابگیرێت، پێدەچێت نرخی گازی ئەوروپا بۆ زیاتر لە 100 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک، نزیکەی 35 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەیەکی گەرمی بەریتانیا بەرزبێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە خواستی جیهانی لەسەر گاز کەم ببێتەوە.

هەروەها کۆمپانیاکە پێشنیازی کردووە "کاریگەرییەکانی لەسەر گازی سروشتی ئەمریکا سنووردار دەبێت، بەو پێیەی ئەمریکا هەناردەکاری سەرەکیی گازی سروشتی شلە."

دوێنێ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، زیاتر لە 150 تانکەری نەوت و گاز لە ئاوەکانی کەنداو لە دەرەوەی گەرووی هورمز گیریان خواردووە و ناتوانن بە گەرووەکە تێپەڕن.