لە 25%ـی هەرزەکاران بەبێ ئینتەرنێت تووشی خەمۆکی دەبن

ناوەندی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هۆشداریداوە لەوەی لە 25%ـی هەرزەکار و منداڵان لەکاتی نەمانی ئینتەرنێت توشی خەمۆکی دەبن، ئەمەش دەرخەری مەترسی و ڕادەی ئالودەبوونیانە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکان.

ژیانی هەرزەکار و تەنانەت منداڵەکانیش لە عێراق چیتر وەکو 10 ساڵ پێش ئێستا نییە، بەتایبەتی لەبواری بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یاریە ئەلیکترۆنیەکان، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو هەڕەشە لەسەر داهاتووی منداڵەکان سەیر دەکرێن. ئادەم یەکێکە لەو منداڵانە و تەمەنی 11 بەهاری تێنەپەڕاندووە، زۆرینەی کاتەکانی لەسەر مۆبایلەکەی بەسەر دەبرد، بەڵام بە هاوکاری خێزانەکەی ئێستا کاتەکەی کەمکردووەتەوە بۆ دوو کاتژمێری ڕۆژانە.

ئادەم محەممەد، بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بە کوردستان24ـی گوت: زۆرینەی کاتەکانم لەسەر مۆبایلەکەم بەسەر دەبرد هەروەها هەندێک شت لێیانەوە فێردەبووم لەکاتە بەتاڵەکانمدا. هەروەها بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر سەیری یوتوبم دەکرد، بەڵام ڕۆژێک هەندێک شتی سەیرم بەرچاوکەوت لەبارەی زیاد بەکارهێنانی مۆبایل و بڕیارمدا بگەڕێمەوە ژیانی ئاسایی خۆم.

پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی باس لە کێشە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو هەرزەکارانە دەکەن کە زیاد لە پێویست مۆبایل بەکاردەهێنن لەوانەش، قورسی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە و ئاشنابوون بە ژینگەی دەوروبەریان.

سەلاح محەممەد، پسپۆڕی کۆمەڵایەتی دەڵێت: لایەنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر  منداڵان و هەرزاکاران مەترسی رژد و گەورەی هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە منداڵ هۆشیاری بەکارهێنانی ئەو تۆڕانەی نییە و نازانێت هەڵە لە راست جیابکاتەوە، ڕەنگە بەهۆی ناوەڕۆکی بابەتەکانەوە توشی لادان بێت، ئەو لادانەش کاریگەریی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی  دروست بکات، تەنانەت وای لێبکات نەتوانێت تێکەڵی خەڵک بێت.

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، لە 25%هەرزەکاران هەست بە خەمۆکی دەکەن کاتێک ئینتەرنێتیان لێدەبڕێت، ئەوەش مانای ئالوودەبوونیانە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکان.

-----------------------

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل