هاوسەرۆکی دەم پارتی: سیستەمی لامەرکەزیی تاکە چارەسەرە بۆ دۆخی سووریا
هاوسەرۆکی دەمپارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕایگەیاند، سیستەمی لامەرکەزی تاکە چارەسەری دۆخی سووریایە.
توڵای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر گۆڕینی ڕژێمی حوکمڕانیی سووریا و ڕووخانی بەشار ئەسەد، رایگەیاندووە، ساڵێکی تەواو بەسەر گۆڕانی ڕژێم لە سووریا تێپەڕیوە. بەڵام دۆخی سووریا باش نەبووە.
هاتیمئۆغوڵاری ئاماژەشی دا، ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەر دروزەکان لە سوەیدا و عەلەوییەکان لە ناوچە کەنارئاوییەکان ڕوویدا، کارەساتێکی گەورەی مرۆییە و هەڕەشەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
سەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کردووە، چەندین پیشێلکاری دژی پێکهاتەکان لە سووریا ئەنجام دەدرێت، بۆیە سیستەمی لامەرکەزی چارەسەرێکی نموونەییە بۆ ئەم کێشانە لە پێناو ئازادی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی.
