مراوییە کێوییەکان لە نەغەدە دەنیشنەوە
ڕەوێکی مراوی کێوی و چەند جۆرە باڵندەیەکی دیکە، کە وەرزی کۆچیان لە کوێستانەوە بۆ گەرمیان دەستپێکردووە، لە دەریاچەی سندووزی نەغەدە نیشتوونەتەوە.
سەید ئەکبەر قایمی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە پارێزی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژانسی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەوێکی نزیکەی 300 مراویی کێوی، بۆ خواردن و پشوودان لە دەریاچەی سندووزی سنووری نەغەدە نیشتوونەتەوە.
قایمی پێشبینی دەکات بەهۆی هەڵکەوتەی دەریاچەی سندووز لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆرتری باڵندە کێویی لە ڕێگەی کۆچکردنیان بەرەو گەرمیان، لە سندووز و دەریاچەکانی دیکەی سنووری شاری نەغەدە، بۆ چەند ڕۆژێک بنیشنەوە.
ئاماژەشیداوە، تیمەکانی ژینگە پارێزی چاودێری 14 قازی هوپەر و ڕەوە قازێکی خۆڵەمێشیان کردووە.
سەبارەت بە بارودۆخی ئاوی دەریاچەکە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە پارێزی شاری نەغەدە گوتی: لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی حەسەنلووەوە بەردراوەتەوە و ڕژاوەتە دەریاچەی سندووز، ئێستا ئاوی دەریاچەکە بە زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر سێجا مەزندە دەکرێت.
ساڵانە لەگەڵ کۆچی باڵندە کوێیەکان، لە سەرەتای بەهارەوە تاوەکوو پاییز، زیاتر لە 10 هەزار باڵندەی کێوی هەمەجۆر ڕوو لە دەریاچەی سندووز دەکەن و تا گۆڕانی وەرزی گەرما بۆ سەرما لانە دەکەن و دەمێننەوە، لەنێویاندا قازی خۆڵەمێشی، فلامینگۆ و چەندین جۆرە کۆتری کێوی و چەندین جۆرە باڵندەی هەن.
