تۆنی بلێر لە ئەندامی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوورخرایەوە
وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تۆنی بلێریان بە لایەنگیری و هاوسۆزی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە
لەسەر داوای وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەریکا بڕیار دوورخستنەوەی تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لە بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی ئاشتی، بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە دا، ئەمەش دوای ئەوەهات، کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بلێریان بە لایەنگری و هاوهەڵوێستبوون لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو.
سەرچاوەیەک بە سکای نیووزی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی ئەوەبوون تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا سەرۆکایەتی یاخود بەشداری لە لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە بکات، ئەمەریکا بڕیاری دوورخستنەوەی ناوبراوی داوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە، ئەوان دژی ئەوەن بلێر سەرۆکایەتی یاخود ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە بێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی فەڵەستینیش هەمان بۆچوونی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییان هەبووە، چونکە پێیانوابووە، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا هاوسۆزی ئیسرائیلە.
بەگوتەی سەرچاوەکە،وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پێداگیربوونە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی سەر بە دەسەڵاتدارانی فەڵەستینی بەڕێوەببردرێت،دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاش لەو باوەڕەدان، کە پێویستە دەسەڵاتی فەڵەستین ڕۆڵی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا هەبێت، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتەکە کشانەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا دەربارەی داواکاری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ دوورخستنەوەی تۆنی بلێر ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕەزامەندیان لەسەر داواکارییەکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوە، کە تۆنی بلێر بەشداری لە قۆناخی بەڕێوەبردنی غەززە دا نەکات.
ڕۆژی دووشەممە 8-ی کانوونی دووەمی 2025 ڕۆژنامەی فاینانشاڵتایمزی بەریتانی بڵاویکردبووەوە، تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە ئەندامێتی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوورخراوەتەوە.
ڕۆژی 29ی ئەیلوولی 2025 پلانی ئاگربەستی لە غەززە پەسندکرد، کە 21 خاڵی لە خۆدەگرت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێکدەهێندرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات، هەروەها تۆنی بلێر یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەکە دەبێت.
