سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی شارەزوور پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزوور بڕیاری دا سبەی چوارشەممە دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕابگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی دواتر دەوام ئاسایی دەبێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە واژۆی نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزووری لەسەرە و ئەمڕۆ 9/12/2025 بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری پشووەکە ڕۆژی 10/12/2025 دەگرێتەوە و سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە. بەڕێوەبەری پەروەردە هیوای سەلامەتیی بۆ هەمووان خواستووە و جەختی کردووەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە.

ڕاگرتنی دەوام لە شارەزوور هاوکاتە لەگەڵ کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە، جگە لە شارەزوور، پێشتر قایمقامیەتی چەمچەماڵیش بەهۆی دروستبوونی لافاو و مەترسییەکانییەوە پشووی فەرمیی ڕاگەیاندبوو، دەشتی شارەزوور بەهۆی سروشتی خاکەکەیەوە لە کاتی بارانبارینی بەردەوامدا تووشی کۆبوونەوەی ئاو و قوڕ و لیتە دەبێت، ئەمەش وای کردووە بەرپرسانی پەروەردە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ سەلامەتیی خوێندکاران و مامۆستایان، بڕیاری ڕاگرتنی دەوام بدەن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل