سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەید سادق پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەید سادق بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە و دروستبوونی مەترسیی لافاو، بڕیاری دا لەپێناو سەلامەتیی گشتی، سبەی چوارشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزاکە پشووی فەرمی بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پەروەردەی سەید سادق، بڕیارەکە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ قایمقامی قەزاکە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دراوە. 

ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانە، چونکە شەپۆلەکە بەهێزە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە ئارادایە، بۆیە ڕۆژی 10/12/2025 لە تەواوی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتە پشوو.
ڕاگەیاندنی پشوو لە سەید سادق بەشێکە لەو زنجیرە بڕیارانەی ئیدارە خۆجێییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی سەختیی کەشوهەواوە داویانە.

 پێشتر هەریەک لە پەروەردەکانی شارەزوور، هەڵەبجە و قایمقامیەتی چەمچەماڵ هەمان بڕیاریان دابوو، قەزای سەید سادق کە دەکەوێتە دەشتی شارەزوورەوە، لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی قوڕ و لیتەی لەسەرە، ئەمەش دوای ئەوە دێت که شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 9/12/2025ـەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل