بە بڕیاری مەسرور بارزانی وەزارەتی تەندروستی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی خێرای پێکهێنا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی لافاوەکەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ، وەزارەتی تەندروستی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی خێرای پێکهێنا.

 بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی، کارەساتەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی 12 کەسی دیکە، هاوکات تیمە پزیشکییەکان بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
شەپۆلی بارانبارینەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو، زیانی گیانی لێکەوتەوە بە گیانلەدەستدانی پیاوێکی تەمەن 72 ساڵ و ئافرەتێکی تەمەن 22 ساڵ، جگە لەوەی 12 هاووڵاتی دیکە بە سەختی و سووکی بریندار بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە هەماهەنگیی مەیدانی لەگەڵ د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، سەرپەرشتیی پرۆسەی گواستنەوە و چارەسەری قوربانییانیان کردووە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە داوە، هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی دۆخەکەی کردووە و ڕاسپاردەی پێویستی داوە بۆ ئەوەی هەموو تواناکانی کەرتی تەندروستی بۆ خزمەتی لێقەوماوان بخەنە گەڕ.

وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، ئێستا تەواوی تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانسەکان لە جووڵەدان و لە نەخۆشخانەکانیش پزیشکان و کارمەندان سەرقاڵی چارەسەرکردنی بریندارەکانن.

وەزارەتی تەندروستی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بۆ گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە و هیواخواستن بۆ چاکبوونەوەی بریندارەکان، ستایشی ڕۆڵی تیمە پزیشکییەکانی سلێمانی و چەمچەماڵی کرد کە وەک سەربازی ون لەم دۆخە نالەبارەدا ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە و هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ لێقەوماوان دابین کردووە.

ئەم ئامادەکارییە تەندروستییە فراوانە وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی خێرای حکوومەتی هەرێم دێت بۆ ئەو شەپۆلە لافاوەی ئەمڕۆ ناوچەی چەمچەماڵی گرتەوە، ڕاگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای تەندروستی لەسەر هێڵ، ئاماژەیە بۆ هەستیاریی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان لەڕێگەی دەستێوەردانی پزیشکیی خێراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل